ئەو گۆڕانکاریانە چین، کە بەسەر چاودا دێت لەگەڵ گەورەبونی تەمەندا؟

‏‎دکتۆر کانی عەلی دەڵێت: وەک هەموو بەشەکانی جەستە لەگەڵ گەورەبونی تەمەن چەند گۆڕانکاریەک بەسەر چاودا دێت، کە هەندێکیان ئاساییە و جێگەی مەترسی نین، بەڵام هەندێکیان نەخۆشیە و مەترسی بۆ سەر چاوەکانمان هەیە، دەشڵێت، ئەوانەى نەخۆشین بریتین لە بوونى ئاوى ڕەش و سپى و وشکى چاو.

‏‎ دکتۆر کانی عەلی، پسپۆڕی نەشتەرگەری و نەخۆشیەکانی چاو، لە نوسینێکدا ئاماژە بەوە دەکات، ئەو گۆڕانکاریانە دەکات، کە بەسەر چاودا دێت لەگەڵ گەورەبونی تەمەندا و دەقى نوسینەکەشى بەمجۆرەیە:-

‎هەروەک هەموو بەشەکانی جەستە لەگەڵ گەورەبونی تەمەن چەند گۆڕانکاریەک بەسەر چاودا دێت، کە هەندێکیان ئاساییە و جێگەی مەترسی نین، بەڵام هەندێکیان نەخۆشیە و مەترسی بۆ سەر چاوەکانمان هەیە بۆیە گرنگە زانیاریمان هەبێت بۆ زوو دەست نیشانکردنی.

گۆڕانکارییە ئاساییەکان ئەمانەن:-

‎یەکەم- ناڕەحەتی لە بینینی ئەو شتانەی لە چاووە نزیکە وەک خوێندنەوە، بەکارهێنانی ئامێرە نزیکەکان ئەم حاڵەتە لە تەمەنی ٤۰ ساڵییەوە دەست پێ ئەکات.

‎دووەم- کەم بونەوەی هەستیاری بۆ جیاکردنەوەی ئەو ڕەنگانەی نزیکن لە یەکەوە بۆ نمونە ڕەنگی شین لە ڕەش.

‎ئەم گۆڕانکاریانە دەتوانرێت چارەسەر بکرێت بە بەکارهێنانی چاویلکەی نزیک و ڕوناکی زیاتر لەکاتی خوێندنەوە.

ئەو گۆڕانکاریانەی نەخۆشین چین؟

‎یەکەم- ئاوی سپی

‎دووەم- تەنکبونەوەی تۆڕەی چاو

‎سێیەم- گۆڕانکاری تۆڕەی چاو بەهۆی شەکرە و بەرزبونەوەی پەستانی خوێن

‎چوارەم- وشکی چاو

‎پێنجەم- ئاوی ڕەش

‎زۆربەی ئەم نەخۆشیانە لە سەرەتادا نیشانەیەکی ئەوتۆی نیە، هەتا ئەگاتە قۆناغێکی پێشکەوتوو، بۆیە گرنگە لە سەرو ٥۰ ساڵیدا هەموو کەس ساڵانە پشکنین بۆ چاوەکانی بکات .

ئەم نەخۆشیانە دەتوانرێت ڕێگری یاخود دوابخرێت بە گۆڕینی شێوازی ژیانمان وەک:-

‎یەکەم- وازهێنان لە جگەرە کێشان

‎دووەم- کێشی تەندروست

‎سێیەم- وەرزش کردن

‎چوارەم- کۆنتڕۆڵکردنی شەکرە و پەستانی خوێن

‎پێنجەم- خواردنی خۆراکە تەندروستەکان و کەم کردنەوەی سوێری و چەوری و زۆر خواردنی سەوزە و میوە، بە تایبەتی ئەو ڕووەکانەی گەڵای سەوزیان هەیە وەک سپیناخ ،برۆکلی و هەروەها خواردنى گێزەر و ماسى.

‎شەشەم- پاراستنی چاو لە تیشکە زیانبەخشەکانی هەتاو، بە بەکارهێنانی چاویلکەی بەرهەتاو.

ئ.م

Comments are closed.